تورکیا هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانی پشتڕاست کردەوە

 

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە 4ـی تشرینی یەکەمی 2023ـدا هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا ئامادە کرابوو بۆ وەرگرتنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان. 

 

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، ئالپئارسلان بایراکتار، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 

 

ئالپئارسلان بایراکتار، نووسیویەتی: "بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 07:07 خولەک، هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیاوە دەستیپێکردەوە، کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی 2023ـەوە بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرابوو."

 

بایراکتار ئەوەشی خستەڕوو، "لە رۆژی 4ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق – تورکیا، لەلایەن کۆمپانیای بۆتاشەوە [کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی خاو] بۆ کارپێکردن ئامادە کرابوو." 

 

لە ئاداری ساڵى 2023ـەوە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.

 

بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.

  

لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و، 24 بۆ 48 کاژێر پێویستە تاوەکو نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان.

پەیامێک جێبهێڵە

پۆستی نوێتر پۆستی کۆنتر

نموذج الاتصال